پارتی باسی کام هەلومەرجی نوێ دەکات؟
پارتی باسی کام هەلومەرجی نوێ دەکات؟
رێبوار کەریم وەلی
ئەگەرچی لە هەڵبژاردنەکاندا، بە بەراورد لەگەڵ پێشوودا، نە پارتی براوەیە و نە یەکێتیش دۆڕاوە، بەڵام پارتی پێیوایە چونکە ملیۆنێک دەنگی هێناوە، براوەیە! لە هەڵبژاردنێکیشدا کە بە قەولی خۆیان لە بەر خاتری خاتران بەشدار بوونە!
*
بە کورتی، ئەو ئەنجامانەی پارتی و یەکێتی، هیچ گۆڕانێکیان لە تەرازووی هێزی ئەو دوو حزبە لەسەر ئاستی بەغدا و هەرێمدا دروست نەکردووە، ئەگەر لاوازتر نەبووبن، بەهێزتر نەبوونە، بەڵام ئەدی بۆ پارتی بەو زمانە قسە دەکات؟
*
پارتی هەر لە سەرەتاوە پتر لەوەی چاوی لەسەر یەکێتی بێت، تەماحیی لە میراتی شاسوار بوو. هەر بۆیەش کادیرەکانی پاراستن لە سلێمانی ئیدعای ئەوەیان دەکرد کە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر دەستگیرکردنی شاسوار، دەنگدەرەکانی نەوەی نوێ دەنگ بە پارتی دەدەن و پارتی 8 کورسی دينێ! ئەوە رووی نەدا و پارتی تەنها چەند هەزار دەنگێک زیادی کرد. بەڵام نەوەی نوێ دۆڕاندی.
*
ئەگەر پارتی توانیبای لە سلێمانی بە دەنگدەرانی شاسوار ژمارەی کورسییەکانی بباتە سەرەوە، ئەو کاتە دەکرا پارتی بڵێ بارودۆخ گۆڕاوە! بەڵام لە راستیدا، پارتی لە ئاماژەی بۆ گۆڕانی بارودۆخ، مەبەستی پلانی(B)ە کە ئەویش بریتییە لە کڕین، رازیکردنی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ و راکێشانیان بۆلای خۆی.
*
دەستگیرکردنی شاسوار لە لایەن یەکێتییەوە بەو مەبەستەی کە دەنگدەرەکانی بۆ خۆیان ببەن، نەتیجەی پێچەوانەی داوەتەوە. یەکێتی جگە لە رق و نەفرەتی لایەنگرانی شاسوار هیچی دیکەی دەست نەکەوتووە و، بە پێچەوانەوە پارتی وەک یاریی دامە بە هێواشی خەریکە داشەکان دەخوات و دەبێتە ئاغا!
*
چوونی بەشێکی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لەگەڵ پارتیدا، ئەگەر مسۆگەر نەکرابایە، پارتی بەو شێوەیە دژی دوبارە کردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەدەبوو! بە پێچەوانەوە لە سۆنگەی ئەو بارودۆخە نوێیەی باسی دەکەن دەبوایە پێشوازییان لە دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بکردبایە!
*
پوختەی کەلام، جارێ مەعلوم جەولەی ملشکاندنی یەکتری و دابەشبوونی پارتی و یەکێتی بەسەر بەرەکانی ئێران و ئەمریکا لە بەغدا کەی دەست پێدەکات؟ بەڵام ئەوەی مەعلومە، پارتی لە هەولێر دەست بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی بێ یەکێتی دەبات. هەر وەک چۆن خولی رابردوو، تەنانەت بێ یەکێتی سەرۆکی هەرێمیشی هەڵبژارد. هێشتنەوەی سێ سەرۆک حزب لە زینداندا، دەستی یەکێتی لاواز کردووە و ئەگەر بە زووترین کات ئازادیان نەکات، پارتی بێباکانە ئەوە دەکات کە دەیەوێ. یەکێتیش لە کۆتاییدا، وەک رابردوو دەبێ، بەوەی بەری دەکەوێ رازی بێ.
پێش -33 خولەک
پێش -15 خولەک
پێش 14 خولەک
پێش 28 خولەک